شاعیر: نامی
کتێب: بارانی ڕەحمەت
سەرناو: سوننەتەکانی دەسنوێژ

سوننەتی دەسنوێژ بە نەقڵی سەلەف
«بِسْمِ اللّە» کردن، جا شۆرینی کەف

سێھەم سیواکە، ئەمما بە ئیراک
تام و بۆنی دەم خۆشتر ئەکا چاک

ڕادانی ئاوە لە دەم و لە لووت
بە سێ جار سێ جار، چاکترە و مەزبووت

تەعمیمی مەسحیش لەبۆ سەر و گوێ
دەس خستنە ڕیش و پەنجەی دەست و پێ

پێش بخە لای ڕاست لە دەست و لە پێ
لەسەر لای چەپت سوننەتە و بەجێ

سەرکەوە لە فەرز دامەمێنە پەست
بۆ شۆرینی پێ و دەموچاو و دەست

شەوقی ناوچاو و بریقەی دەست و پێ
ڕۆژی قیامەت بەمە دێتە جێ

شۆرین و مەسحت بە سێ جار سێ جار
بە خێری سوننەت ئەتکا بەھرەدار

یەک لە شوێنی یەک بۆ ئەم ئادابە
تەدلیکی ئەعزات خێر و سەوابە

دوعای پاش دەسنوێژ وەکوو مەشھوورە
ئەگەر بیخوێنی ئیحسانی زۆرە